ڕۆژی دووشەممە 4ـی 4ـی 2016 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لە عێراق، سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە عەمار ئەلحەكیم كرد بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 3ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم پێشوازی لە سەید عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا هەردوولا دڵگرانی و هاوخەمیی خۆیان ڕاگەیاند بەهۆی كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێكۆشەری عێراقی ئەحمەد چەلەبی و ڕۆڵی خوالێخۆشبوویان لە مێژووی نوێی عێراق و بەرقەراركردنی دیموكراسی و لەیەكنزیككردنەوەی لایەن و پێكهاتەكانی عێراق بەرز نرخاند.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەبەرانبەر تیرۆریستان تاوتوێ كرا. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەر دوولا جەخت لەسەر بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لە نێوان هەردولا كرایەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 21ـی ئەیلوولی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە فازل میرانی سكرتێر و د. ڕۆژ نوری شاوێز و هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكان و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی و پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی تاوتوێ كرا و قسە لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا.
هەر لەم دیدارە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت.
بارودۆخی ئاوارەكان و یارمەتیدانیان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و وێڕای ئاماژەدان بە هەولەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی پەنابەران، جەخت لەوە كرایەوە كە چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان گەڕاندنەوەیانە بۆ ناوچەكانیان و هەروەها پاراستن و قەرەبوكردنەوەیانە و پێویستە لەم ڕووەوە حكوومەتی عێراقی ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.